سەماحەتی حەكیم ستایشی هەنگاوی گەڕانەوەی نێردە دیپلۆماسیەكانی نێوان ڕیاز و تاران كرد
ڕۆژی دووشەممە بەرواری 2023-6-5 بەڕێز عەمار حەكیم سەرۆكی ڕەوتی حیكمەی نیشتمانی لە نووسینگەی خۆی لە بەغدا پێشوازی لە بەڕێز محەمەد كازم ئال سادق باڵیۆزی كۆماری ئیسلامی ئێران كرد، لەم دیدارە هەردوو لا بیروڕایان سەبارەت بە دۆخی سیاسی عێراق و ناوچەكە ئاڵوگۆر كرد و هەروەها باسی پەیوەندی دوو قۆڵی و بابەتە گرنگەكانی جێی بایەخە لای هەردوو لایەن كرا، هەروەها سەماحەتی حەكیم دڵخۆشی خۆی بۆ هەنگاوی گەڕانەوەی نێردە دیپلۆماسییەكانی نێوان كۆماری ئیسلامی ئێران و سعوودیەی دەربڕی و داوای كرد هەماهەنگی و هاوكاری بەردەوام بێت بۆ یەكلایی كردنەوەی هەموو كەیسە هەڵپەسێردراوەكان.
سەماحەتی دووپاتی كردەوە كە سەقامگیری ناوچەكە لەبەرژەوەندی هەمووانە، ڕوونیشی كردەوە بوونی ئەو وڵاتانە لەو ناوچەیە قەدەرێكەو پێویستە هەموو لەڕوانگەی بەرژەوەندییەكان بەیەك بگەین، بۆ ئەوەی گەلەكان بتوانن سوود لە خێروبێری وڵاتەكانیان وەربگرن.
گوتیشی گرنگە هەماهەنگی لە هەڵوێست سەبارەت بە ئەو كەسیانەی جێی بایەخی هەردوولایە هەبێت، لەبەر ئەوەی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕكابەرییەكان پیویستی بە ڕێكخستن و سیستەمێكی ئیقلیمی دەبێت، تا بەهەوڵ و كۆششی هەمووان بەرژەوەندی گشتی بێتە دی.