سەماحەتی حەكیم بەرپرسیارێتی سەقامگیری هەرێم دەخاتە ئەستۆی هێزە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان
ڕۆژی دووشەممە بەرواری 2023-1-30 سەماحەتی عەمار حەكیم سەرۆكی ڕەوتی حیكمەی نیشتمانی چاوی بە بەڕێز قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان كەوت، لەم دیدارە باسی بارودۆخی سیاسی عێراق و پەیوەندییەكانی بەغدا و حكومەتی هەرێم كرا.
لەمیانەی ئەو دیدارەدا بەڕێز حەكیم دووپاتی كردەوە كە گرنگە كەش وهەوای سیاسی ساز بێت هێور بكرێتەوە بۆ ئەوەی حكومەت بتوانێت بەرنامەی خۆی جێبەجێبكات، هەروەها باسی لە گرنگی بەردەوام بوونی گفتوگۆیە سیاسییەكان كرد ئەویش بەپێی دەستوور بۆ چارەسەری ئەو كێشانەی بێ چارەسەر ماونەتوە، بۆ بەرژەوەندی گشتی و بۆ ئەوەی ئەرك و مافەكان یەكسان بن.
هەروەها بەڕێزیان داوای هێوركردنەوەی بارودۆخی سیاسی ناوخۆی هەرێمی كوردستانی كرد و ئاماژەی كرد كە هێزە سیاسییەكان بەرپرسیارێتی ئەو ناوچە گرنگەی عێراق لە ئەستۆ دەگرن، لەبەر ئەوەی هەر گرژی و ئاڵۆزییەك لەهەر پارچەیەكی عێراق ڕووبدات ئەوا كاریگەری خراپ و نەرێنی لەسەر هەموو عێراق دەبێت.