• سەماحەتی حەكیم سەبارەت بە نەهێشتنی گەندەڵی و پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكان پشتگیری بۆ حكومەتی سوودانی دووپات كردەوە

    2022/ 11 /28 

    سەماحەتی حەكیم سەبارەت بە نەهێشتنی گەندەڵی و پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكان پشتگیری بۆ حكومەتی سوودانی دووپات كردەوە

    لە ڕۆژی دووشەممە 28-11-2022 لەكاتی پێشوازیكردن لە بەڕێز بافل تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، سەماحەتی عەمار حەكیم سەرۆكی ڕەوتی حیكمەی نیشتمانی یادەوەری و مێژووی هاوبەشی نێوان یەكێتی نیشتمانی و سەركردەكانی خستەڕوو، بەتایبەتی پەیوەندی مێژوویی لەگەڵ مام جەلال تاڵەبانی سەرۆكی كۆچكردوو خوا لێی خۆش بێت، هەروەها جەختی كرد كە پێویستە ئەو پەیوەندییانە بەردەوام بن و پتەوتر بكرێن و لە هەڵوێستەكانیش هەماهەنگی هەبێت بۆ خزمەتكردنی گەلی عێراق بەهەموو پێكهاتەكانی، هەروەها دووپاتی كردەوە كە پێویستە زمانی گفتوگۆ و پابەندبوون بە دەستوور و ڕەچاوكردنی بەرژەوەندی گشتی وەك بنەمایەكی سەرەك پشتی پێ ببەسترێت بۆ ئەوەی كێشەكانی نێوان بەغدا و هەرێم تێپەڕ بكرێن و چارەسەر بكرێن.
    لەدرێژەی قسەكانیدا سەماحەتی حەكیم گوتی گرنگە هاوكێشەی ماف و ئەركەكان ببێتە بنەمایەك بۆ هەر پەیوەندییەكی نێوان بەغدا و هەولێر ، ئاماژەشی كرد كە پێویستە یاسا گرنگەكان پەیڕەوی بكرێن تا سەقامگیری زیاتر بە ڕێژێمی سیاسی ببەخشێت، كە ئەویش زیاتر لە بەرژەوەندی هاوڵاتی عێراقی دەبێت، هەروەها گرنگی پاڵپشتی كردنی ڕێڕەوی حكومەتی لە نەهێشتنی گەندەڵی و دابین كردنی خزمەتگوزاری و گەڕانەوەی متمانەی هاوڵاتیان بە ڕژێم و پڕۆسەی سیاسی دووپات كردەوە، لەبەر ئەوەی ئەم حكومەتە هەموو زەمینەیەكی سەركەوتنی بۆ ڕەخساوە كە پێشتر ئەوانی دیكە بەم شێوەیە نەڕەخسابوو.

    Related News