سەماحەتی حەكیم داوای سەرپەرشتیكردن و دۆزینەوەی بەهرەكانی منداڵە خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان دەكات
لە ڕۆژی یەكشەممە بەرواری 20-11-2022، بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی منداڵ، سەماحەتی عەمار ئەلحكیم سەرۆكی ڕەوتی حیكمەی نیشتمانی چاوی بە كۆمەڵیك منداڵی بێ نەوایان و خاوەن پێدوایستی تایبەت كەوت و پیرۆزبایی ئەو رۆژەی لێكردن، كە تێیدا هەموو جیهان بەناوی رۆژی منداڵ یادی دەكەن، لەم دیدارە بەڕێزیان ڕایگەیاند كە قۆناغی منداڵی گرنگترین قۆناغی ژیانی مرۆڤ هەژمار دەكرێت، لەبەر ئەوەی قۆناغێكە پاكی و بێ گەردی و گەشبینی ژیان لەخۆوە دەگرێت.
لەدرێژەی قسەكانی ئەلحەكیم گوتی كەم وكوڕی ڕاستەقینە ئەوەیە كە كێشە لە فیكر و عەقل هەبێت نەك لەدەستدانی بەشێكی جەستە، بۆیە داوای لە سەرپەرشتان كرد كە هەموو هەوڵی خۆیان بخەنە گەڕ بۆ ئەوەی توانا و بەهرە شاراوەكانی ئەو منداڵانە بدۆزنەوە وپەرەی پێ بدەن، هەروەها داوای لە منداڵان كرد كە پابەندی وانە و ئەركەكانیان بن و بایەخ بە تەندروستی و ڕەزامەندی خودای گەورە و خۆشەویستی نیشتمان بدەن، تا لە داهاتوودا بتوانن بۆ خزمەتكردنی وڵات و گەلەكەیان كاربكەن، هەروەها جەختی كردەوە لەسەر ئەوەی پێویستە سوود لە ئەزموونی خەڵكانی لەخۆیان گەورەتر و شارەزاتر وەربگرن.