سەماحەتی حەكیم داوای دیاریكردنی سەرۆكێكی تازە بۆ ئەنجومەنی نوێنەران كە پێكهاتەی سوننە پاڵپشتی بكات
لەڕۆژی 2024-2-29 بەڕێز عەمار حەكیم سەرۆكی رەوتی حیكمەی نیشتمانی چاوی بە بەڕێز محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەران و شاندێكی سەركردایەتی حزبی تەقەدوم كەوت، لەم دیدارە باس لە دۆخی سیاسی عێراق و سروشتی پارێزگاكان دوای پێكهێنانی حكومەتە خۆجێیە تازەكان كرا، سەماحەتی پیرۆزبایی لە هەمووان كرد بەهۆی وەرگرتنی متمانەی جەماوەریان، جەختیشی لەسەر پێویستی پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری و پێشخستنی دۆخی شارەكان كردەوە.
سەماحەتی لەدرێژەی قسەكانیدا داوای كرد سەرۆكێكی تازە بۆ ئەنجومەنی نوێنەران دیاری بكرێت و زوو یەكلایی بكرێتەوە و دووپاتی كردەوە كە دەبێت ئەو سەرۆكە لەلایەن نوێنەرانی پێكهاتەی سوننە پاڵپشتی بكرێت، گوتیشی دەبێت ڕێگاچارەیەك بدۆزرێتەوە تا كەسایەتییەك دیاری بكەن لەلایەن هەمووان مایەی قبوول بێت، گوتیشی گرنگە ئەو كەسە خاسیەتی سەركردایەتی تێدا هەبێت.
سەماحەتی باسی دۆخ و ڕووداوەكانی غەزەی كرد و سەرسوڕمانی خۆی لەمەڕ بێدەنگی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەربڕی لەسەر ئەوەی لە غەزەی وێرانكراو ڕوودەدات لەبەر ئەوەی ژمارەی قوربانییان گەیشتوەتە 30 هەزار كەس كە زۆربەیان ژن و منداڵن، سەماحەتی داوای كرد دەستبەجێ شەڕ ڕابگیرێت وەك سەرەتایەك بۆ ئەوەی ئەو ململانێیە بۆ پانتایی دیكەی ناوچەكە تەشەنە نەكات.